ن: سروش ئه‌سكه‌نده‌ری
و. له فارسیه‌وه: ئاسۆ ئیسلام په‌نا
یۆنگ 26ی ژانویه‌ی ساڵی 1875 له كسویل له وڵاتی سویس له‌دایك بوو. تاقانه‌ی قه‌شه‌یه‌كی پرۆتستانت بوو. 8 مام و باوه‌گه‌وره‌ی یۆنگ هه‌مووان قه‌شه بوون. له ته‌مه‌نی 12 ساڵاندا تووشی نه‌خۆشی فێ هات، به‌ڵام به بڕوابه‌خۆیی له‌م نه‌خۆشیه رزگاری بوو. بوو به یه‌كه‌مین سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی جیهانیی ده‌روونشیكاری. ساڵی 1909 په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ فرۆید تێكچوو. ساڵی 1913 شێوازی ده‌روونناسیه‌كه‌ی خۆی به "ده‌روونناسیی شیكاری" ناوزه‌د كرد تا له ده‌روون شیكاری جیای بكاته‌وه.
ده‌وڵه‌ت چیه؟ چ ئه‌ركێكی له ئاست تاكه‌كان له ئه‌ستۆیه؟ ئایا كۆیه‌كی سه‌رووتر له تاكه‌كانه؟ ئه‌ركه‌كانی تاك له به‌رامبه‌ریدا چیه؟ یۆنگ له كتێبه ناوداره‌كه‌یدا به ناوی "خودی نه‌دۆزراو" هێرش ده‌كاته سه‌ر بیرته‌سكیی سیاسیی دیموكراسی گشتیی و سۆسیالیزم و هاوكات باگه‌شه‌یه‌كی‌تر بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ بڕوابه‌خۆیی و باوه‌ڕ به تاك ده‌ست پێده‌كات. راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه تێگه‌یشتنی یۆنگ له ده‌روون، به‌ناچار به‌ره‌و لایه‌نگری له هه‌ندێك ئامانجی لیبراڵیی كلاسیك به‌تایبه‌ت جه‌خت له‌سه‌ر پێگه‌ی و بایه‌خی تاك، گه‌شه‌ی تاواناكانی و خه‌بات له‌دژی جه‌بری تاكڕه‌وانه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڕوات. ئه‌و ده‌یبینی كه شادی، خۆشحاڵی و ئاسووده‌یی زه‌ین، هه‌موو ده‌سكه‌وتی تاكه‌كانن نه‌ك به‌رهه‌می كۆمه‌ڵه‌كان. له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی سیكۆلاریزم، ئه‌وه ده‌وڵه‌ته كه جێی ده‌سه‌ڵاتی كلیسا ده‌گرێته‌وه و دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش به په‌ره سه‌ندنی عه‌قڵ‌گه‌رایی، به‌ره‌و بۆرۆكراسیه‌كی سه‌نتراڵ و په‌سند كردن و به‌ڕێوه‌بردنی یاسا هه‌نگاو ده‌نێت. به‌رهه‌می ئه‌م ره‌وته سه‌رهه‌ڵدانی سۆسیالیزم یان ده‌وڵه‌تی ریفاعه كه هه‌وێنی ده‌روونناسانه‌كه‌ی دیكتاتۆریه. ده‌وڵه‌تێك كه عه‌وداڵی له‌ناوبردنی تاكێتیی تاكه تا خۆی ببێته دیاریكه‌ری ژیانی. به‌مجۆره ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ده‌وڵه‌ت ده‌بێته دابینكردنی خۆراك، پۆشاك، په‌روه‌رده و خوێندن و بواره مادیه‌كانی دیكه‌ی ژیانی تاك. ده‌وڵه‌ت بوونه‌وه‌رێكی لاواز و شوێنكه‌وتوو له تاك دروست ده‌كات كه ته‌نانه‌ت توانای بڕیاردانی وردیشی بۆ خۆی نیه. یۆنگ ده‌یسه‌لمێنێت كه به له‌به‌رچاو گرتنی ده‌ره‌نجامه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی شۆڕشی پیشه‌سازی، ده‌وڵه‌تی ریفاه پێویست و له زۆر رووه‌وه سوودمه‌نده. به‌ڵام هه‌روه‌ك ده‌كرێ له‌و باسه‌ی سه‌ره‌وه بۆی بچین، ئه‌و ده‌وڵه‌تی ریفاه به تێكه‌ڵه‌یه‌ك له خۆشی و ناخۆشی ده‌زانێت. ئه‌نجامی ئه‌وجۆره وابه‌سته‌ییه ته‌واوه، كۆمۆنیزمه كه به بڕوای یۆنگ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ر تاكێك تاكه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگا به كۆیله ده‌گرێت و ورده ورده دیكتاتۆر و خاوه‌ن كۆیله‌یه‌كی توندڕه‌و، ده‌بێته نوێنه‌ری كۆمه‌ڵگا. به‌پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی زۆربه‌ی خه‌ڵك كه دیكتاتۆریه كۆمۆنیستیه‌كان به به‌رهه‌می سه‌پاندنی حكوومه‌تی مه‌سله‌كی و سیاسی له سه‌ره‌وه تێده‌گه‌ن، یۆنگ ئه‌مجۆره رژیمانه له راستیدا به به‌رهه‌می هه‌ل‌ومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ده‌زانێت. هه‌ڵبه‌ته یۆنگ جیاوازی داده‌نێت له نێوان هۆیه‌كانی دیكتاتۆری و هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی. دیكتاتۆری به‌رهه‌می ورد بوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی تاكه‌كانه كه یه‌كده‌ست بوونیان له گرووپ و رێكخراوه‌كان ده‌گات و له‌ناوچوونی كه‌سێتیی تاكی لێده‌كه‌وێته‌وه. به‌ڵام یۆنگ كۆمۆنیزم به به‌رهه‌می وابه‌سته بوونی ره‌های تاك به ده‌وڵه‌ت و خه‌ونی مرۆڤه‌كان بۆ دابین بوونی هه‌موو خواسته مادیه‌كانیان به ده‌ستی ده‌وڵه‌ت ده‌زانێت. به‌وپێیه ئاشكرایه كه به بێ كۆمۆنیزمیش ده‌كرێ دیكتاتۆری هه‌بێ، به‌ڵام مادام تاكه‌كان بۆ دابین بوونی پێداویستیه مادی و له‌وانه‌یه باقی پێداویستیه‌كانیشیان چاویان له ده‌ستی ده‌وڵه‌ت نه‌بێت، كۆمۆنیزم سه‌رهه‌ڵنادات. له لایه‌كی دیكه‌وه یۆنگ كۆمۆنیزم به بێ دیكتاتۆریه‌ت به نامومكین ده‌زانێ، چونكه كۆمۆنیزم پێداگری له‌سه‌ر گۆشه‌گیری ده‌كات و زۆرجار بۆ پاراستنی خۆی، ئه‌م خووخده‌یه په‌ره پێده‌دات. به بڕوای یۆنگ یه‌كێك له خاڵه پۆزه‌تیڤه‌كانی ده‌وڵه‌ته كۆمۆنیستی یان فاشیستیه‌كان له‌چاو ده‌وڵه‌ته دیموكراتیكه سیكۆلاره‌كان ئه‌وه‌یه كه ده‌وڵه‌تانی گرووپی یه‌كه‌م سه‌ره‌تا هه‌سته مه‌زهه‌بیه‌كانی مرۆڤ بۆ لای خۆیان راده‌كێشن. له‌وانه‌یه ده‌ركه‌وته‌كانی دین كه ده‌كرێ شوێن پێی له هه‌موو مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ببینرێت، له‌گه‌ڵ یه‌كتر جیاواز بن، به‌ڵام غه‌ریزه‌ی جێی باس هه‌میشه بوونی هه‌یه. مرۆڤ ئه‌گه‌ر له ده‌سته‌یه‌ك له خواكان بێ‌به‌ش بكرێت، به‌دڵنیاییه‌وه خوای دیكه ده‌خولقێنێت. كه‌واته به له‌به‌رچاو گرتنی ئاراسته‌ی دژه ئایینیی قۆناغی نوێ و بردنه سه‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت تا به‌رزترین ئاستی كرده‌ی مه‌زهه‌بی، زۆرجار سه‌ر له نوێ له سیمای به‌خوا بینینی ده‌وڵه‌تدا خۆی ده‌رده‌خات.
ده‌وڵه‌ت هه‌مان عه‌شق و فیداكاریی بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر كردووه كه پێشتر بۆ كلیسا هه‌بوو. ده‌كرێ به‌وجۆره تێبگه‌ین كه گرینگ‌ترین كاری تایبه‌تیی مه‌زهه‌ب سه‌پاندنی ترس و تۆقاندن و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ عه‌قڵانیه‌ت و وه‌ئه‌ستۆ گرتنی هه‌موو كاروباری ژیانه به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ. هه‌ڵبه‌ته هه‌موو ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه له كۆمۆنیزمیشدا كۆیه. ئه‌و كۆمۆنیزمه‌ی كه ده‌ڵێ به‌هه‌ش سه‌ر له نوێ له‌سه‌ر زه‌وی به‌رپا ده‌كات. سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت تا ئاستی قه‌شه‌یه‌كی ئایینی به‌رز ده‌بێته‌وه. رێبه‌ر یان سه‌رۆكی حیزب ده‌بێته نیمچه خوایه‌ك سه‌رووتر له چاكه و خراپه. لایه‌نگرانی وه‌ك پاڵه‌وان و پڕوپاگه‌نده‌كار، رێزی لێ ده‌گرن. ته‌نها حه‌قیقه‌تێك بوونی هه‌یه و هیچ حه‌قیقه‌تێكی‌تر له پاڵیه‌وه نیه. ئه‌م حه‌قیقه‌ته سه‌رووتر له ره‌خنه‌یه و هه‌ركه‌س جیاواز بیر بكاته‌وه، مورته‌ده. ئه‌خلاقی مرۆڤیش به گریمانه‌ی بوونی وه‌ها ده‌وڵه‌تێك روو له فه‌وتان ده‌نێ.
ئه‌مه ئاساییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ جۆره ده‌زگایه‌كی گشتی له نێوان ده‌وڵه‌ت و تاكدا بوونی نیه، هه‌ر كه ده‌وڵه‌ت ده‌ستی له ئیمتیازه‌كانی خۆی كێشاوه، دیتران خۆڕسك ده‌یكه‌ن به هی خۆیان و زۆرجار له دژی هێزی ده‌وڵه‌ت سوودی لێ وه‌رده‌گرن. به‌مجۆره له‌جیاتی بێ‌ده‌وڵه‌تیی مه‌ترسیدار یان به‌رخۆدانی رێكخراو، له داهاتوودا ئه‌گه‌ری خولیای گه‌ڕانه‌وه بۆ كۆنترۆڵی ره‌های پێشوو دێته ئاراوه. پته‌وتر بوونی لغاوه‌كان كه دوای په‌ره‌سه‌ندنی ئازادیه‌كانی دوای مه‌رگی ستالین په‌یدا بوو و هێرش بۆ سه‌ر چیكوسلۆڤاكیا كه دوای به‌هاری پراگ له ساڵی 1968 روویدا، ده‌كرێ وه‌ك به‌ڵگه بۆ ئه‌م قسه‌یه له‌به‌رچاو بگیرێت. كه‌واته ده‌وڵه‌تێكی ره‌ها یان به بێ خه‌وشدار بوونی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی درێژه به مانی خۆی ده‌دات، یان ئه‌وه‌ی كه به ته‌واوی ده‌ڕووخێت، چونكه وه‌ها ده‌وڵه‌تێك له‌گه‌ڵ ریفۆرمی هه‌نگاو به هه‌نگاو ناته‌بایه.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر