ئه‌مساڵیش وه‌ك ساڵانی رابردوو ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی هێرشیان كرده سه‌ر رێ و ره‌سمه‌كانی تایبه‌ت به رۆژی خوێندكار و چه‌كداره‌كانی حكوومه‌تی ئیسلامی خوێندكارانیان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد و ره‌وانه‌ی گرتووخانه‌كانیان كردن.
ئه‌گه‌رچی حكوومه‌ت هه‌موو هه‌وڵی خۆی خسته گه‌ڕ بۆ كپ كردنی ده‌نگی خوێندكاران و مۆڵه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی پێنه‌دان، به‌ڵام خوێندكارانی زۆربه‌ی زانكۆ و ناوه‌نده زانستیه‌كانی ئێران یه‌كگرتووانه وه‌ك هه‌میشه هاتنه‌وه مه‌یدان و سووری بوونی خۆیان له‌سه‌ر مافه ره‌واكانیان جارێكی دیكه نیشاندا.
ئه‌وه‌ی له رێ و ره‌سمه‌كانی ئه‌مساڵی رۆژی خوێندكاردا زۆر به‌رجه‌سته بوو و له هێرشه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانیشدا ره‌نگی دایه‌وه، حوزووری به‌رچاو و چالاكانه‌ی خوێندكارانی كورد و بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی كوردستان له‌م كۆبوونه‌وانه‌دا بوو و هه‌ر به‌هۆی ئه‌م حوزووره به‌رچاوه‌ش بوو كه ژماره‌یه‌كی زۆر له خوێندكارانی كورد كه‌وتنه به‌ر هێرشی هێزه ئه‌منیه‌تیه‌كان و راپێچی گرتووخانه‌كان كران و هه‌تا ئێستاش ماوه‌ی چه‌ند رۆژه كه بێسه‌ر و شوێنن و هیچ زانیاریه‌ك ده‌رباره‌یان رانه‌گه‌یه‌نراوه.
بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری له ساڵانی رابردووش‌دا حوزووری به‌رچاو و چالاكانه‌ی خوێندكارانی كوردی به‌خۆیه‌وه بینیوه و هه‌میشه پشتیوانی و هه‌ڵسووڕانی خوێندكارانی كوردی له‌گه‌ڵ بووه و ئه‌مه خاڵێكی جێی سه‌رنج و به‌هێزی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بووه و كاریگه‌ریی حاشاهه‌ڵنه‌گری له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونی خه‌باتی خوێندكاری بووه.
هه‌ر له سه‌ره‌تای راپه‌ڕینی گه‌لانی ئێرانیشه‌وه كه خوێندكاران ده‌وری كاریگه‌ریان تێدا گێڕان، خوێندكارانی كورد به‌وپه‌ڕی توانا و چالاكانه، شانبه‌شانی خوێندكارانی دیكه هاتنه مه‌یدان و بهركردهوه بوون به به‌شێك له پێشه‌نگ و رێبه‌رانی بزووتنه‌وه و فاكته‌رێكی گرینگ بوون له ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌وكاتی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكارانیش.
حوزووری به‌رچاو و كاریگه‌ری خوێندكارانی كورد له ناو بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی ئێران‌دا، سه‌لمێنه‌ری راستیه‌كی گرینگ و پڕ بایه‌خه. ئه‌م حوزووره نیشانده‌ری پشتیوانی و پاڵپشتی و دیفاعی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی كوردستانه له خه‌باتی پێشكه‌وتووانه‌ی خوێندكاران و به درێژایی 30 ساڵی رابردوو، بزووتنه‌وه‌ی كوردستان به هه‌موو واتایه‌ك پشتیوانی مافه ره‌واكانی خوێندكاران بووه و له‌سه‌ر خواسته‌كانیان وه‌ده‌نگ هاتووه. خوێندكارانی كوردیش كه په‌روه‌رده‌ی بزاڤی رزگاریخوازانه‌ی كوردستانن و له جه‌رگه‌ی خه‌باتێكی مودێرن و سیكۆلاردا پێگه‌یشتوون، به درێژایی هه‌موو ئه‌م ساڵانه توانیویانه سیمای دیار و به‌رچاو و چالاكی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری بن و رۆڵی گرینگ‌یان له گه‌شه پێدانی سیمای مودێرن و سیكۆلاری بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاران‌دا بینیوه و له‌م پێناوه‌دا قوربانیان داوه و نوێنه‌ری ئازادیخوازانی كوردستان بوون له خه‌باتی خوێندكاری‌دا. حوزووری چالاكانه‌ی ئه‌مدواییانه‌ی خوێندكارانی كورد له بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری‌دا جارێكی دیكه‌ش سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌یه كه بزووتنه‌وه‌ی كوردستان به هه‌موو توانایه‌وه پاڵپشتی بزووتنه‌وه‌ی پێشكه‌وتنخواز و ره‌وای خوێندكارانه و له‌م رێگایه‌دا هه‌موو تواناكانی به‌كار ده‌هێنێت.
به تێگه‌یشتن له‌م راستیه، ره‌وایه ئه‌گه‌ر خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی كوردستان ئه‌م پاڵپشتی و هاوخه‌باتیه‌ش له بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری‌دا ببینێته‌وه و پشتیوانیی خه‌باتی خوێندكاری له خواسته ره‌وا و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان زیاتر له هه‌میشه هه‌ست پێبكات.
هه‌لومه‌رجی ناسكی ئێستا ده‌خوازێت هاوپشتیی مێژوویی ئه‌م دوو بزووتنه‌وه حه‌قخوازانه‌یه، زیاتر له پێشوو به‌رجه‌سته بكرێت و هه‌روه‌ك چۆن بزووتنه‌وه‌ی كوردستان پاڵپشتی به‌هێزی خواسته‌كانی خوێندكارانه، به‌و شێوه‌یه‌ش بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری به پشتیوانی له خواسته ره‌وا و عادیلانهكانی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان، ئه‌م هاوپشتیه پته‌وتر له هه‌میشه بكات و به دیفاع له مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورد و یارمه‌تیدانی خه‌باته‌كه‌ی، خواسته ره‌واكانی هه‌ر دوو بزووتنه‌وه‌كه زیاتر لێك ههڵپێكێ و به هه‌ر دوو لا خه‌باتێكی بێ‌وچان درێژه پێبده‌ن له پێناو چه‌سپاندنی عه‌داڵه‌ت و ئازادی و دیموكراسی و سیكۆلاریزم.
هه‌وڵدان له پێناو هاوپشتیی زیاتری ئه‌م دوو بزووتنه‌وه‌یه، هه‌وڵدانه بۆ گه‌یشتن به مافه ره‌واكانمان.
۱ نظر:
کاکه گیان ماندوو نه‌بیت و ده‌ستت خوش بیت. هیوادارم به رده وام بیت له کاره که‌ت..
ارسال یک نظر